حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ستراتیژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، لە کۆبوونەوە لەگەڵ پزیشک و مامۆستاکانی زانکۆ لە تاران ستراتیژی ئەمریکای بە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕ لە قەڵەمدا.
رووحانی گوتی "ئەمانە بۆ دواوە گەڕاونەتەوە و قسەی سەیر و سەمەرە دەکەن. جیهانی ئەمڕۆ مەگەر قبوڵیدەکات کە ئەمریکا بڕیاردەری جیهان بێت، وڵاتان سەربەخۆییان هەیە، چاویان لە بەرژەوەندیی خۆیانە. هەڵبەت ئەوانە هەندێجار بەگوشار هەندێکار دەکەن، بەڵام جیهان - ئەمڕۆ - ئەو مەنتیقە قبوڵناکات، کە کابرایەک تاوەکو دوێنێ لە ناوەندێکی سیخوڕی کاری دەکرد و ئێستا بووەتە وەزیری دەرەوە، بێت قسەی سەیر و سەمەرە بکات".
ئیسماعیل کەوسەری، جێگری قەرارگای سارەڵای تاران- کە یەکێک لە لقەکانی سوپا پاسداران و خاڵێکی ستراتیژی نوێی ئەمریکاش بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزەیە، گوتی "ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر ئێراندا هیچیان پێناکرێت، ئێران سیاسەتەکانی خۆی درێژەدەدات".
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە توویتێکدا حکومەتی ئەمریکای تۆمەتبارکرد کە لە چوارچێوەی "وەهم و سیاسەتە شکستخواردووەکانیدا" دەجوڵێتەوە. ئەو گوتی "لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ قۆناخی دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا دەدەن".